سایتی هەواڵ
سایتی هەواڵ
www.hawall.kurdblogger.com


<%Category%>

0

السلام علیکم ورحمة الله‌ وبرکاته‌

سایتی هه‌واڵ  لە دیداریکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌حمه‌د موفتی مامۆستای بانگخواز له‌ وڵاتی سوید.

 

هەواڵ: سه‌ره‌تا زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەین بۆ ئەم دیدارە وە ئەگەر بکرێت جەنابتان خۆتان بە میوانانی سایتی هەواڵ بناسێنی ئایا مامۆستا ئه‌حمه‌د کێیه‌؟ وه‌ به‌ چی ناسراوه‌؟

مامۆستا ئه‌حمه‌د: بسم الله‌ الرحمن الرحیم الحمد الله‌ رب العالمین الصلاة وسلام علی خاتم الانبیاء و المرسلین. زۆر سوپاس بۆ تۆ کاك نه‌سره‌ت بۆ ئه‌م دیداره‌ بۆ ئه‌وه‌ی انشاالله‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌کان بده‌ینه‌وه‌. من ناوم ئه‌حمه‌ده‌ له‌ خانه‌وادی موفتی الحمد الله‌ خانه‌واده‌یه‌کی موسڵمان له‌ شاری دهۆك له‌ دایك بووم و گه‌وره‌ بووم. پاشان چومه‌ته‌ شاری سلێمانی و له‌وێش 10 ساڵ ژیاوم واتا له‌ ساڵی 1961 بۆ 1971 دواتر بۆ ته‌واو کردنی خوێندن چومه‌ته‌ شاری به‌غداد. له‌ زانکۆی به‌غداد له‌ به‌شی هه‌نده‌سه‌ی ئه‌ندازیاری میکانیك وه‌رگیرام وە بە سەرکەوتووی ته‌واوم کرد. دوای ئه‌وه‌ که‌ خوێندنم ته‌واوکرد له‌ ساڵی 1984 هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و هاتمه‌ سوید ئه‌وا نزیکه‌ی 23 ساڵه‌ له‌ سوید ده‌ژیم و خاوه‌نی سێ منداڵم.

هەواڵ: ئێستا لێرە به‌ چییه‌وه‌ خه‌ریکیت‌؟

مامۆستا ئەحمەد: سوپاس بۆ خوا ئێستا لێره‌ ئیش ده‌که‌م، ئه‌ندازیاری میکانیکم.

هەواڵ: جه‌نابتان چۆن ده‌ڕواننه‌ بارودۆخی عێراق به‌ گشتی وه‌ کوردستان به‌ تایبه‌تی؟

مامۆستا ئەحمەد: به‌داخه‌وه‌ وه‌زعی عێراق به‌ گشتی ئه‌وه‌تا به‌ چاوی خۆمان ده‌یبینین و به‌ گوێی خۆمان ده‌یبیستین که‌ چه‌نده‌ خراپه‌، هه‌رچه‌ند سوپاس بۆ خوا ناوچه‌ی ئێمه‌ تۆزێك ئارامتره‌ ، به‌ڵام ده‌وروبه‌ری عێراق ئیستقراری خۆی نییه‌ یه‌عنی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ ئێران بدرێت وه‌ ئه‌وه‌ش ته‌ئسیر له‌ عێراق و کوردستانیش ده‌کات. وه‌ باوه‌ڕ ناکه‌م به‌م نزیکانه‌ش‌ ئه‌مریکا له‌ عێراق بکشێته‌وه‌ وه‌ هه‌تا ئەمریکا له‌ عێراقدا بمێنێته‌وه‌ و به‌رده‌وامبێت، ئه‌وا وه‌زعی عێراق به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات. وه‌ له‌ کوردستانی خۆمان تا ڕاده‌یه‌ك ئیستقرار هه‌یه‌ به‌ڵام ترسیش زۆره‌ له‌ داهاتوو.

هەواڵ: مامۆستا تێڕوانینی چۆنه‌ سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان وه‌ك یه‌کگرتووی ئیسلامی ، کۆمه‌ڵی ئیسلامی ، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی؟

مامۆستا ئەحمەد: به‌ ڵێ له‌ ڕاستیدا وه‌ك ده‌یبینین هه‌رسێ لایەن جموجۆڵیان بووه‌ و هه‌یانه‌ وه‌ خزمه‌تی میلەتیان کردووه‌ بەوەی زیاتر ئاگادار کردنیا له‌ ئیسلامه‌که‌، وه‌ دروست کردنی ڕێگاو بان و قوتابخانه‌ و مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ . وه‌ هه‌روه‌ها یارمه‌تیدانی منداڵانی بێ دایك و باوك (هه‌تیوان) وه‌ك ده‌یبینین بۆ نمونه‌ یه‌کگرتوو له‌ ساڵی 1990 وه‌ هه‌تا ئێستا نزیکه‌ی 20 هه‌زار هه‌تیویان به‌خێوکردووه‌. وه‌ سوپاس بۆ خوا ته‌نانه‌ت لێره‌ش له‌ سویده‌وه‌ مانگانه‌ یارمه‌تی زیاتر له‌ 300 هه‌تیو  له‌ کوردستان ده‌درێت که‌ له‌ سویده‌وه‌ پاره‌یان بۆ ده‌چێت. وه‌ هه‌روه‌ها سوپاس بۆ خوا په‌یوه‌ندی نێوان هەرسێ لایەن باشه‌ وه‌ هه‌ر یه‌که‌یان لایه‌کی گرتووه‌ بۆ خزمه‌تکردنی ئه‌و میله‌ته‌. وه‌ له‌خوای گه‌وره‌ ده‌خوازین هه‌ر دڵ یه‌کبن.

هەواڵ: سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی جه‌نابتان بوون به‌ موسڵمان ئایا ژماره‌ی ته‌واویان چه‌نده‌؟ وه‌ چه‌ندیان پیاوه‌ و چه‌ندیان ئافره‌ته‌؟

مامۆستا ئەحمەد: به‌ڵێ ژماره‌یان من خۆم نایانژمێرم به‌ڵام براده‌ر و دۆسته‌کانم حه‌ز ده‌که‌ن بیانژمێرن تا بزانن چه‌ند که‌س بووه‌ به‌ موسڵمان. ژماره‌یان 114 یان 115 که‌سه‌ وه‌ ئاخر که‌س که‌ بوو به‌ موسڵمان کوڕێکی گه‌نجی ئه‌سڵ فینله‌ندی بوو که‌ دوو ڕۆژ پێش ئێستا بوو به‌ موسڵمان، ئه‌ویش له‌ کاتی موحازه‌ره‌یه‌کدا که‌ ڕۆژانی یه‌کشه‌مان له‌ مزگه‌وتی ستۆکهۆڵم ده‌وترێته‌وه‌ خه‌ڵکانێکی زۆر له‌ سویدی دێن گوێ ده‌گرن و پرسیار دەکەن. ئه‌م یه‌كشه‌مه‌ی ڕابردووه‌ که‌ باسی ڕه‌مه‌زان بوو ئه‌و کوڕه‌ فینله‌ندییه‌ ئاماده‌ بوو. دواتر به‌ ئاماده‌ بونی زیاتر له‌ 120 که‌س هه‌ر له‌ مزگه‌وته‌که‌دا ‌ شه‌هاده‌تی هێناو بوو به‌ موسڵمان. سەرەتا بۆ ئەوە نەهاتبوو تا ببێت بە موسڵمان بەڵام لە دوای موحازەرەکەدا گوتی دەمەوێت بەڕۆژووبم، منیش پێم گوت ئایا موسڵمانی لە وەڵامدا گوتی نەخێر منیش بۆم ڕوونکردەوە و پێمگوت دەی ئەگەر نەبیت بە موسڵمان ئەوا ڕۆژووەکەت قبوڵ ناکرێت. دواتر شەهادەتی هێناو سوپاس بۆ خوا بوو بە موسڵمان. وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ندیان ئافره‌ته‌ و چه‌ندیان پیاوه‌ به‌ڵێ زۆرینه‌یان خوشکن به‌ڵام ئه‌مساڵ زۆرینه‌یان کوڕ بوون. وه‌ به‌ گشتی له‌و ژماره‌یه‌ ته‌قریبه‌ن له‌ سه‌دا 80 بۆ 90 یان خوشکن وه‌ له‌و ژماره‌یه‌ خه‌ڵکی زۆر شوێنی تێدایه‌ وه‌ك سویدی، فینله‌ندی، شیلی، چینی، وه‌ دوو که‌سی ئه‌مریکی ودوو ئافره‌تی مه‌سیحی عێراقیشی تێدایه‌.به‌ڵام له‌ سه‌دا 90ی سویدین.وه‌ زۆرینه‌یان گه‌نجن له‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵ بۆ 30 ساڵ. وه‌ سوپاس بۆ خوا ژماره‌یان به‌ره‌و زیاد بوون ده‌ڕوات.

هەواڵ: جه‌نابتان چۆن ده‌ڕواننه‌ ئه‌و ڕابونه‌ ئیسلامییه‌ی که‌ ئێستا ڕوی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا کردووه‌ به‌ تایبه‌تی وڵاتی سوید؟

مامۆستا ئەحمەد: سوپاس بۆ خوا ئێستا موئه‌سه‌سات و جەمعییاتی ئیسلامی لێره‌ له‌ زیادبووندایه‌ وه‌ ده‌بینین ساڵ دوای ساڵ چالاکی موسڵمانان له‌ زیاد بوندایه‌، بۆ نمونه‌ 20 ساڵ پێش ئێستا که‌ ده‌چوینه‌ مزگه‌وت هه‌موویان که‌سانی به‌ ته‌مان بوون نوێژیان ده‌کرد به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێستا سه‌یرکه‌ی زۆربه‌یان که‌سانی گه‌نجن نوێژده‌که‌ن، وه‌ هه‌روه‌ها له‌ ناو په‌نابه‌راندا جاران له‌ مزگه‌وته‌کان ته‌نها تورک و یوگوسلاڤی لێبوو کورد و عه‌ره‌ب زۆر به‌ که‌می ده‌هاتنه‌ مزگه‌وت به‌ڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا ئه‌چیته‌ هه‌ر مزگه‌وتێك پانزه‌ بیست کوردی لێیه‌.

هەواڵ: جه‌نابتان بڵاو کردنه‌وه‌ی وێنه‌ی کاریکاتێر دژی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ تایبه‌تی سوید بۆچی ده‌گێڕنه‌وه‌؟ ئایا مه‌به‌ستیان له‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی له‌و جۆره‌ وێنانه‌ چییه‌؟

مامۆستا ئەحمەد: سه‌ره‌تا ئه‌و که‌سه‌ی که‌ لە سوید وێنه‌کانی دروست کردووه‌ به‌ناوی *Lars Vik* ئه‌وه‌ ئینسانێکه‌ هه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ حقدی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئیسلام و موسڵمانان، وه‌ ئه‌وه‌ش هۆکارێکه‌ بۆ خۆ ده‌رخستن ، که‌ که‌سێك حه‌ز ده‌کات به‌ناوبانگبێت و بناسرێت ئه‌و کاره‌ ده‌کات. چونکه‌ ئه‌زانێت موسڵمانا و وڵاتانی ئیسلامی باسی ئه‌و ده‌که‌ن، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌وڕێگایه‌وه‌ ناوبانگێك بۆ خۆی دروست بکات. وه‌ ده‌ڵێی بۆچی وا ده‌که‌ن ئه‌وه‌ ڕوونه‌ بۆیه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا وه‌سفی ئه‌وانه‌ی کردووه‌ بۆمان وه‌ك ده‌فه‌رموێت «ولنترضی عنك الیهود و لاالنصاری حتی تتبع ملتهم» جوله‌که‌ و مه‌سیحی لێت ڕازی نابن هه‌تا تۆ نه‌بیته‌ جوله‌که‌ یان نه‌سرانی. وه‌ ئێمه‌ش انشااللە به‌رده‌وام ده‌بین و به‌ نیازین زیاتر بچینه ده‌ره‌وه‌ و ناو خه‌ڵکی تا باسی پێغه‌مبه‌ریان بۆ بکه‌ین که‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) چیکردووه‌ بۆ ئینسانییه‌ت. وه‌ هه‌روه‌ها چه‌ندین دامو ده‌زگای ئیسلامی هه‌یه‌ که‌ له‌ ڕێگای یاساییه‌وه‌ به‌دوای ئه‌و کاره‌دا ده‌چن. وه‌ داواش له‌ موسڵمانان ده‌که‌ین که‌ ڕێگای غه‌یره‌ قانونی به‌کار نه‌هێنن چونکه‌ ڕه‌نگه‌ کاردانه‌وه‌ی خراپی بۆ موسڵمانان لێبکه‌وێته‌وه‌.

هەواڵ: جه‌نابتان له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی بانگه‌وازدا له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و حکومه‌تی سویده‌وه‌ کێشه‌ت بۆ دروست نه‌بووه‌؟

مامۆستا ئەحمەد: له‌لایه‌ن حکومه‌تی سویدییه‌وه‌ نه‌خێر. وه‌ زۆرجاریش له‌لایه‌ن پارته‌ سایسییه‌کانه‌وه‌ بانگێشتمان ده‌که‌ن تا سه‌ردانیان بکه‌ین. وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می (goran person)ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو بانگێشتی کردین وه‌ کاتێك سه‌ردانمان کرد به‌ گه‌رمی پێشوازی لێکردین. به‌ڵام جاری وا هه‌یه‌ که‌سانێکی نەناسراو وێنه‌ی ناشیرین و جنێو و نامه‌ و شتی وا ده‌نێرن که‌ ته‌هدیدمان ده‌که‌ن. به‌ڵام ئێمه‌ گوێ به‌وه‌ ناده‌ین، چونکه‌ باوه‌ڕمان وایه‌ له‌ ڕێگایه‌کی ڕاستدا کارده‌که‌ین وه‌ هیچ کارێکی غه‌یره‌ قانونی ناکه‌ین وه‌ ده‌مانه‌وێت موسڵمان ئینسانێکی ساڵح بێت بۆ خۆی و میله‌ته‌که‌ی و ئه‌و شوێنه‌ی لێی ده‌ژی، بۆیه‌ ئێمه‌ خێری ئه‌م میله‌ته‌مان ده‌وێت.

هەواڵ: ئامۆژگاری به‌ڕێزتان چییه‌ بۆ گه‌نجانی کورد له‌ ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی گه‌نجانی موسڵمان؟

مامۆستا ئەحمەد: گه‌نجانی کوردی موسڵمان به‌ڕاستی خێریان خۆر تێدایه‌، جاران گه‌نجانی کورد زۆر دوورکه‌وتبوونه‌وه‌ له‌ دین به‌ڵام به‌ فه‌زلی خوای گه‌وره‌ ئێستا زۆر گه‌نجی ڕێك و پێك ده‌بینین که‌ له‌ ته‌مه‌نی گوڵدان نه‌ك هه‌ر ده‌ستی به‌ دینه‌که‌یه‌وه‌ گرتووه‌ به‌ڵکوو له‌ کات و ماڵی خۆی ده‌گرێت و ده‌رده‌چێت بانگه‌وازیش ده‌کات بۆ دینی خوا.

هەواڵ: له‌ کۆتایدا زۆر سوپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌ین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانمان. خوای گه‌وره‌ سه‌ربه‌رزتکات بۆ خزمه‌ت کردنی دینه‌که‌ی. دوا گوته‌ی به‌ڕێزت چییه‌ بۆ ئێمه‌ و میوانانی سایتی هه‌واڵ؟

مامۆستا ئەحمەد: منیش زۆر زۆر سوپاسی به‌ڕێزانی سایتی هه‌واڵ ده‌که‌م وه‌ داواکارم له‌ خوای گه‌وره‌ یارمه‌تیده‌رتانبێت. وه‌ ئێوه‌ش ببنه‌ یارمه‌تیده‌رێك بۆ کوردانی برا و که‌س و خۆشه‌ویستی خۆمان به‌ڕاستی ئه‌وه‌ش کارێکی پیرۆزه‌ دیکه‌ن وه‌ خزمه‌ت کردنێکه‌ به‌و دینه‌. وه‌ له‌ کۆتایشدا ده‌ڵێم به‌بۆنه‌ی هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ داواکارم له‌ خوای گه‌وره‌ له‌ گوناهی ئێمه‌ و ئێوه‌ش ببورێت. هه‌ر سه‌رکه‌وتووبن انشا اللە. وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين


2007/9/13 ,